دوا سڵاوی ماڵ ئاوایی به‌ سوپاسه‌وه‌

  • zanko-dr-kemal
دوا سڵاو بۆ مامۆستای به‌ڕێزو خۆشه‌ویستی کۆچ کردوم دکتۆر که‌مال فوئاد

مامۆستای به‌ڕێز ماڵ ئاوایی کردن له‌ گیانی پاکتان بە ووشه‌ ده‌ربڕین زۆر سه‌خته‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وشه‌کانمان بۆ بارسایی که‌سایه‌تیتان له‌م ساته‌ مه‌رگه‌دا نادۆزرێنه‌وه‌ و وشه‌کان ساز نابن

به‌ داخو په‌ژاره‌یه‌کی زۆره‌وه‌‌ ناچارین به‌ سوپاسه‌وە ماڵ ئاوایتان لێ بکه‌ین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ بیره‌وەریەکانتاندا بست به‌ بست ده‌ژین که‌ به‌هه‌شتێکی دڵسۆزی نه‌ته‌وه‌یی له‌ سه‌ر ڕوی زه‌وی بۆ که‌سایه‌تیتان دروست کردوه‌ ، واته‌ هه‌ستی به‌نرخی نه‌ته‌وایه‌تیتان و بیره‌وه‌ریە جوانه‌کانتان له‌ مێشکماندا ده‌مێنێته‌وه‌و هه‌موو کاتێک تۆمان له‌ دڵدایت.

 

مامۆستای خۆشه‌ویست له‌ کولتوری کورده‌واریدا که‌ که‌سایه‌تییه‌کی وه‌ک جه‌‌نابتان له‌ ده‌ست ئه‌ده‌ین ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ یادگاره‌کانی وه‌ک ڕێزێک وخۆشه‌ویستییه‌ک بۆ پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و که‌ لێنه‌ی که‌ له‌ناو نه‌ته‌وه‌که‌یدا به‌جێی هێشتوه‌.

مامۆستای نه‌مر سڵاو و سوپاسی خوێندکارانی زانکۆی شاری سلێمانی ساڵانی حه‌فتاکانتان پێشکه‌ش بێت بۆ ئه‌و‌ هه‌وڵو کۆششه‌ی که‌ له‌و ساڵانه‌دا پێشکه‌شتان کردین به‌ ڕاستی مامۆستایه‌کی نموونه‌یی نه‌ته‌وه‌‌کەمان بون خاوه‌نی هه‌ستێکی پاکی نه‌ته‌وه‌یی بون باڵاده‌ست و زمان شیرین و قسه‌ خۆش و ڕێزدار بون هه‌روه‌ها زۆر دڵسۆزو ڕاوێژکاری خوێندکاره‌کانتان بون .

 

مامۆستای تێکۆشه‌ر ئێوه‌ نه‌مردون به‌ڵکو به‌ گیان  له‌ نه‌تەوه‌‌که‌تان دور که‌وتونه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ک فه‌یله‌سۆفی ئه‌ڵمان Kant Immanuel ده فه‌رمۆی:

 (مردن به‌ واتا کۆتایی هێنان به‌ ژیانه‌، به‌ڵام به‌ هه‌موو که‌سێك ناوترێ مردوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌سانێك هه‌ن نابێ پێیان بوترێ مردن و ڕۆیشتن به‌ڵکوو ده‌بێت به‌م که‌سانه‌ بوترێ نه‌مرن ته‌نها له‌ کۆمه‌لگاکه‌ی خۆیان دورکه‌وتۆنه‌ته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی  دور که‌وتنه‌وه له‌ کۆمه‌ڵ‌ واته‌ ئه‌و که‌سه‌یه‌ که‌ کۆمه‌ڵێک یاده‌وه‌ری وڕه‌فتار و کاری پاش بۆ نه‌ته‌وه‌که‌ی به‌جێ ده‌هێڵی که‌ پاش خۆی نه‌ته‌وه‌که‌ی په‌سەندی ده‌کات وبه‌یادکردنه‌وه‌‌‌ له‌گه‌ڵیدا ده‌ژین)

به‌ڵێ جه‌نابتان ئێوەن‌ ئه‌و‌ که‌سایه‌تییه‌ن که‌ یاده‌وه‌ریەکانتان وه‌ك جرایه‌ك له‌ ناو کۆمه‌ڵگای کورده‌واریدا ده‌دره‌وشێته‌وه‌،

هه‌ره‌وها به‌ هه‌مان شێوه‌ نوسه‌ر و شاعیری ئه‌وروپی  Jean Paul   ده‌ڵێ:

 (ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ ماڵ ئاوایی له‌ ژیان ده‌که‌ن و پاش خۆیان یاده‌وه‌ریه‌کی باش به‌ جێ ده‌هێڵن که بۆ ‌ نه‌ته‌وه‌که‌یان یاخود بۆ که‌سانێکی که‌ په‌سەند کراو بێت ئه‌وا ئه‌و که‌سانه‌ نه‌مردون.له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کرده‌وه‌ چاکه‌کانیان ده‌بنه‌ دره‌وشه‌ی وردی ‌سه‌ر زاری که‌سانی ناو کۆمه‌ڵگاکه‌یان وه‌ ڕه‌فتاره‌کانیان ده‌بنه‌ پاداشتێك وەك نمونه‌یه‌ك له‌ ناو کۆمه‌ڵدا باسی لێ ده‌کرێ).

هه‌روه‌ها شاعری ئه‌ڵمان Alber Schwizer  ده‌رباره‌ی بیره‌وه‌ری ئه‌م که‌سایه‌تیانه پاش کۆچ کردنیان‌  ده‌ڵێ (بیره‌وه‌ری جوانی که‌سایه‌تی ده‌بێته‌ به‌هه‌شتی سه‌ر زه‌مینی ئه‌و که‌سه‌ کۆچ کردووه‌ که‌ له‌خۆی زیاتر که‌سی که‌ ناتوانێت بچێته‌ ناو ئه‌و به‌هه‌شته‌وه به‌ واتا کاره‌ باشه‌کانی په‌یوه‌سته‌ به‌ که‌سایه‌تی خودی خۆیه‌وه وه‌ له‌ خودی خۆی زییاتر که‌س نابی به‌ خاوه‌نی‌‌).

 ڕووناک عه‌باس مسته‌فا

خوێندکاری دکتۆر که‌مال فوئاد له‌ زانکۆی سلێمانی به‌شی دیراساتی کوردی

 به‌رلین  ئه‌ڵمانیا

2014.11.26